04 06 2025

ڕۆژانی شكۆداری

ڕۆژانی شكۆداری

ڕۆژانی شكۆداری


    سنە نووری دەبەشێتەوە و ڕووحی هەژار لە ئاویەرەوە تەماشامان دەكات.
    ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ و مانگی پێنجی ٢٠٢٥، شكۆدارترین ڕۆژی ئەدەبی بوون كوردستان بە خۆیەوە دەیبێ. لەو ڕۆژەدا خەڵكی سنە و نووسەرانی كوردستان بەوپەرێ شەوقەوە پێشوازییان لێ‌كردین. 
لە دوو ڕۆژدا تەواوی جووڵانەوەی ئەدەبیی كورد دەوركرایەوە و ڕووحی كوردایەتی لە ئاسمانی هۆڵی مەولەویی زانكۆی كوردستان دەدرەوشایەوە؛ حەماس و خۆڕاگری و ئەدەب‌پەروەری لە ڕوخساری هەمووان دەباری. من وام‌دەزانی لەگەڵ گەورە نووسەران و شاعیران، مامۆستا هەژاری مەزن و هێمنی بەهرەوەر بە كووچە و كۆڵانەکانی سنەدا دەسووڕێمەوە. ئەو دوو ڕۆژە بۆ من تەمەنێک بوو، تەمەنێک كە تامی بە درێژایی ڕۆژەكانی ژیانم دەمێنێتەوە.
    خەڵاتی قەڵەمی زێڕینی هەژار درا بە ڕۆمانی *كەوتنی ئاسمانەكان*، کەوا من بە خوێنی دڵ نووسیومە. ڕاستە ئەو ڕۆمانە بە قەڵەمی من نووسراوە، بەڵام هەر كوردێک بیخوێنێتەوە هەست دەكات ڕۆمانی ئەوە؛ كە واتە یەكەم خەڵاتی قەڵەمی زێڕینی هەژار دراوە بە ڕۆمانێک كە ڕۆمانی هەموو كوردێكە.
من شانازی بەو خەڵاتەوە دەكەم، ناوی ڕۆمانەكەش هەموو ساڵێ لەگەڵ یادی هەژار و قەڵەمەكەی یاد دەكرێتەوە.
    خەڵاتی قەڵەمی هەژار تا ئەمڕۆ یەکێکە لە گەورەترین و بایەخدارترین خەڵاتەکان لە ئەدەبی كوریدا و بەو هیوایەشم وەكوو خەڵاتە  پڕبایەخەكانی دنیا، ڕێچكەی خۆی بگریت و تا سەد ساڵی دیكە بەردەوام بێت تا نەوەی داهاتوو بۆنەیەكی هەبێ شانازیی پێوە بكا.
    لە دڵەوە سوپاسی زانكۆی كوردستان و یەكەیەكەی بەرپرسان و كارماندان و خوێندکارانی ئەو دەزگا بەرزە دەكەم. منەتباری مامۆستا سەلاحەددین ئاشتی و جەنابی ماجید مەردۆخ ڕووحانی، دكتۆر  هادی مورادی و دوکتۆر یادگاری کەریمیم، كە بۆ  سەرخستنی ئەو رێوڕەسمە هەوڵی فەرهادیان داوە. سوپاسی تەواوی خەڵكی شاری سنە دەكەم، كە ئەو چەند ڕۆژە خزمەتیان كردین. سوپاسی ئەو منداڵەش دەكەم، كە لە كاتی تێپەڕبوونی ماشێنەكانمان بە كۆڵانەكەیاندا بە دەممانەوە پێكەنیوە...

جەبار جەمال غەریب

٤ / ٦ / ٢٠٢٥
هەولێری پایتەخت