یه‌که‌مین جەژنەواڵەی خه‌ڵاتی قه‌ڵه‌می هه‌ژار
یه‌که‌مین جەژنەواڵەی خه‌ڵاتی قه‌ڵه‌می هه‌ژار

یه‌که‌مین جەژنەواڵەی خه‌ڵاتی قه‌ڵه‌می هه‌ژار
نووسەر:
نه‌جمه‌دین جه‌باری،
دەبیری زانستیی یه‌که‌مین جه‌ژنه‌واڵه‌ی خه‌ڵاتی قه‌ڵه‌می هه‌ژار
زانکۆی کوردستان له ڕۆژانی ۷ و ۸ی جۆزه‌ردانی ئه‌مساڵدا یه‌که‌مین جه‌ژنه‌واڵه‌ی خه‌ڵاتی قه‌له‌می هه‌ژاری به‌ڕێوه برد. بیرۆکه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م جه‌ژنه‌واڵه‌یە دەگەڕێتەوە بۆ چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، که له یادێکدا وا بۆ به‌رزڕاگرتنی یادی داده مه‌عسووم، خێزانی مامۆستا هه‌ژار له زانکۆی کوردستان به‌ڕێوه چوو، ئارووژا و هه‌نگاوی کرده‌یی بۆ دانانی خه‌ڵاتی قه‌ڵه‌می هه‌ژار هه‌ڵگیرا.
له ساڵی ۱۳۹۷ـه‌وه چه‌ندین دانیشتن بۆ نووسینی پێڕه‌وی خه‌ڵاته‌که پێکهات. هه‌تا ئێره ئه‌و ڕەخنانه‌ی که باسی حکوومی بوونی فستیڤاڵه‌که دەکا، هیچ بنه‌مایه‌کی نییه، چونکه هه‌ڵقوڵانی ئه‌م بیرۆکه‌یه له دڵی زانکۆی کوردستانەوە بووە، کە وه‌ک دامه‌زراوه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی به ئه‌رکی خۆی زانیوه بە پیری وەها بیرۆکەیەکەوە بچێ.
وه‌ک ئاگادارن، نه‌سلی سێهه‌می زانکۆکان له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا ئه‌رکی گرێدانی کۆمه‌ڵ و زانکۆی له ئه‌ستۆیه؛ که‌واته له‌وه‌ی که زانکۆی کوردستان شانی به‌ر ئه‌م ئه‌رکه داوه، ئاساییه و هیچ پیلانێکی له پشته‌وه نییه؛ به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌مه ئه‌رکی گه‌وهه‌ری و زاتیی زانکۆیه که پێشه‌نگی وه‌ها کارێک بێ؛ دیاره ئه‌گه‌ر دامه‌زراوه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیش وه‌ها ئه‌رکێک له ژێر هه‌ر ناوێک‌دا له ئه‌ستۆ بگرێ، دیسان هه‌ر ئاساییه.
زۆر هۆکار به‌ڕێوه‌چوونی یه‌که‌مین خولی ئه‌م جه‌ژنه‌واڵه‌ی دوا ده‌خست، که کڕۆناش یه‌کێک له‌وانه بوو. سەرەنجام ساڵی ۱۴۰۳ ته‌واوی به‌ربه‌سته‌کان لاچوون و بڕیاری به‌ڕێوه‌چوونی یه‌که‌مین خول ده‌رچوو. هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هه‌وڵ درا هه‌موو شتێک به‌پێی پێوه‌ری زانستی و ئاکادمیک به‌ڕێوه بچێ؛ له‌به‌ر ئه‌مه، لێژنه‌ی پلان‌داڕشتن ده‌یان کاتژمێری بۆ باس و لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ته‌وه‌ر و داوه‌ری و چۆنییه‌تیی به‌ڕێوه‌چوونی جه‌ژنه‌واڵه‌که ته‌رخان کرد هه‌تا:
۱. که‌مترین که‌مایه‌سی خۆ بنوێنێ؛
۲. زانست و زڕه‌زانست (علم و شبه‌علم) لێک جیا بکرێنه‌وه و ئه‌و بەرهەمانەی که لاوازن بۆ سه‌ره‌وه په‌لکێش نه‌کرێن. ئه‌م ئه‌رکه بۆ به‌رهه‌مگه‌لی هونه‌ری وەک: شیعر، ڕۆمان و شانۆنامه‌ش، به پێوه‌ری خۆیانەوە ڕه‌چاو کراون؛ واته ڕێ خۆش کراوە ئه‌و به‌رهه‌مانه بێنه بان که بیر و قسه‌یەکی تازه‌یان له قاڵب و شێوازی نوێ‌دا پێیە و شۆپیان له کۆمه‌ڵدا دیاره و ڕچه‌یه‌کی نوێ ده‌که‌نه‌وه و پرسێکی تازه‌ی مرۆڤ‌ته‌وه‌رانه ده‌ئارووژێنن.
زانکۆ بۆ ئه‌نجامی ئه‌م ئه‌رکه سه‌ره‌کییه له هیچ که‌س سڵ ناکا و به ڕووسوورییه‌وه موو له ماست ده‌رده‌کێشێ. چاوخشاندنێک به ناو و ناوه‌رۆکی ئه‌و کتێبانه‌ی که خه‌ڵات کراون، له هه‌موو بواره‌کاندا، ئه‌م ڕاستییه ئه‌سه‌لمێنێ.
دیاره که یه‌که‌مین هه‌نگاو، ئه‌ویش له‌م چه‌شنه که نوێ و ڕچه‌شکێنه، بێ‌که‌مایه‌سی نابێ و به‌ڕێوبه‌رانیش به دڵپاکییه‌وه ڕەخنەکان ده‌بیستن، به‌و هیوایه که له خوله‌کانی دواتردا به‌ره‌و که‌ماڵ هه‌نگاو بنێ و ئه‌و که‌م‌وکووڕییانه‌ی که دەخرێنە ڕوو نه‌مێنێ.
له‌م باره‌وه ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ی ژێره‌وه شیاوی ئاماژه‌ن:
۱. له‌م خوله‌دا، چونکه یه‌که‌مین خولی به‌خشینی خه‌ڵات بوو، هیچ به‌ربه‌ستێکی زه‌مانی بۆ چاپی کتێب دیاری نه‌کرا. به دڵنیاییه‌وه له خوله‌کانی داهاتوودا زەمان دیاری دەکرێ.
۲. نووسینگه‌ی جه‌ژنه‌واڵه، بانگه‌وازی بۆ قه‌ڵه‌م‌به‌ده‌ستان و وه‌شانخانه‌کانی سه‌راسه‌ری کوردستان نارد و له‌م ڕووداوه‌ی ئاگادار کردنه‌وه. دیاره که ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له وه‌شانخانه‌کانه‌وه نێردرابوون، ئیزنی نووسه‌رانیان بۆ وه‌رگیرابوو، پاشان بۆ داوه‌ری به‌ڕێ کرابوون. ئه‌م ڕه‌وته ته‌واوی ئه‌و نووسه‌رانه‌ش ده‌گرێته‌وه که دانیشتووی هه‌نده‌رانن، وه‌ک د. موحه‌ممه‌د که‌ماڵ، که پاش ئیزنی به‌ڕێزی، ڕه‌وتی داوه‌ریی به‌رهه‌مه‌کانی ده‌ستی پێ‌کرد.
۳. به‌پێچه‌وانه‌ی بانگه‌وازی سه‌ره‌تایی که پێداگری له‌سه‌ر ناردنی یه‌ک به‌رهه‌م کرابوو، کۆمەڵێک له شاعیران و نووسه‌ران (به‌و دووسێ که‌سه‌شه‌وه که دواتر تۆران) زیاتر له یه‌ک به‌رهه‌م (چه‌ند که‌س هه‌تا پانزده به‌رهه‌م)یان ناردبوو، که هه‌ر چه‌نده ئه‌رکی داوه‌ریی قورس‌تر کرد و به‌ڕێوه‌چوونی جه‌ژنه‌واڵه‌که‌ی دوا خست، به‌ڵام له‌به‌ر ڕاگرتنی دڵان شانمان وەبەردا و ته‌واوی به‌رهه‌مه‌کان ڕه‌وانه‌ی داوه‌ری کران و ئەوانەش کە دەرچوون، لە کۆتاییدا بە بەرندەی "کۆی بەرهەمەکان" ناومان هێنان؛ بەڵام بە دڵنیاییەوە بۆ خولەکانی دواتر تەنیا یەک بەرهەم وەردەگیرێ و بەرندەکانیش تەنیا بە یەک بەرهەمەوە ناو دەبرێن.
تێبینی:
بەرهەمەکانی مامۆستا موحەممەد کەماڵ وەک ئینسایکڵۆپیدیای فەلسەفە (بە کوردی) سەرجەم وەک یەک بەرهەم مامەڵەی لەگەڵ کراوە.
۴. له ڕه‌وتی داوه‌ریدا بۆچوون و نمرەی داوه‌ره‌کان به ئه‌مانه‌ته‌وه بۆ لێژنه‌ی باڵاده‌ست ڕاگوێزراون و هیچ به‌رهه‌مێک نه‌بووه که داوه‌ر نه‌یدیبێ. زۆرێک له به‌رهه‌مه‌کان بۆ دڵنیا بوونه‌وه له نمرەی تۆمارکراو، بۆ داوه‌ری سێهه‌م و چواره‌میش ڕه‌وانه کراون هه‌تا له‌م یه‌که‌مین هه‌نگاوه‌دا ئه‌رکی زانستی و ئاکادمیکی به‌ڕێوەبه‌ران به‌ته‌واوی و بێ‌که‌م‌وکووڕی به ئه‌نجام بگات.
*تێبینی:*
سه‌باره‌ت به په‌یڤی شاعیرێکی به‌ڕێز، که گوتبووی دوو داوه‌ر به نمرەی بانه‌وه داوه‌ریی به‌رهه‌مه‌کانی ئەویان ئه‌نجام داوه و نمرەکانیان وەبەرچاو نه‌گیراوه، پێویسته بەڕاشکاوی بیڵێم که چوار داوه‌ر به‌رهه‌مه‌کانی به‌ڕێزیانی دیوه و نمرەی یه‌ک له داوه‌ره‌کانیش که‌متر له ئاستی دیاریکراودا بووه؛ بۆیه زۆربه‌ی ئه‌و قسه و باسانه‌ی له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا بڵاو ده‌بنه‌وه ڕاست نین.
له کۆتاییدا، وێڕای سپاسی بێ‌بڕانەوه له ته‌واوی هاوکاران و مامۆستایان و خوێندکاران، جێی خۆشحاڵییه که زۆربەی هەرە زۆری میوانان و به‌شداربووان و وەرگرانی خەڵات ڕه‌زامه‌ند بوون و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە ڕێزەوە یادی ئەم جەژنەواڵە ئەکەن. لە هەر کۆڕێکدا تاقمێکی ناڕەزامەندیش هەر پەیدا دەبن و دەنگ هەڵدەبڕن، ئێمەش وەکوو ناوەندێکی ئەکادیمی تەواوی ئەو دەنگانه دەبیستین و بە سینگی فرەوانەوە دەکەوینە تاوتوێ‌کردنیان بۆ داهاتوو.