سپاسنامەی ئەنجومەنی باڵای پلانداڕشتنی خەڵاتی قەڵەمی هەژار
سپاسنامەی ئەنجومەنی باڵای پلانداڕشتنی خەڵاتی قەڵەمی هەژار

سپاسنامەی ئەنجومەنی باڵای پلانداڕشتنی خەڵاتی قەڵەمی هەژار
سەرنامە بە ناوی تۆ خودایە
چی بێ ئەمە پیت و پێزی نایە
"هەژار"
بیرمەندان، زانایان، توێژەران، نووسەران و شاعیرانی هێژا!
وێڕای سڵاوێکی پاک و بێگەرد و ڕێزێکی بێبڕانەوە؛ سەرەتا سپاس و پێزانینی خۆمان دەردەبڕین سەبارەت بە ناردنی بەرهەم و پاشان ئامادەبوونتان لە یەکەم خولی خەڵاتی قەڵەمی هەژاردا. هیوادارین ڕەنگدانەوە و دەنگدانەوەی ئەم ڕووداوە گرینگە فەرهەنگییە ئاکامی ترووسکەداری درێژخایەنی هەبێ و چرایەک بێ ڕووناکیدەر.
وەکوو ئاشکرایە ئەم خەڵاتە هەر لە سەرەتای داندرانی بەردی بناغەیەوە، تەنیا بۆ ڕەوت و ڕێچکەیەکی ئەدەبی یان هونەری پێناسە نەکراوە، بەڵکوو هەموو بوارەکانی هێناوەتە بەرچاو و زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکانی بە بنەما داناوە. ئەم بیرۆکەیە لە مەودای کاردا هەر هاتووە و پێگەیشتووە و ویستوویەتی هەموو حەول و تێکۆشانە فکرییەکان بە یەکچاو ببینێ و هیچ بەشێک فەرامۆش نەکرێ. هەمەچەشنیی بابەتیی بەرهەمە وەرگیراوەکان و خەڵاتە بەخشراوەکانیش بەڵگەن لەسەر سەلماندنی بێخەوشیی ئامانجەکە. ڕوون و ئاشکرایە کە فەلسەفە، مێژوو، وێژە، مەردمناسی، فەرهەنگنووسی، هۆنراوە و تێکڕای بەشەکانی هونەر بەگشتی وەک ئاوێنەیەکی باڵانوێنی ژیان سەیریان کراوە و خۆ لە سڕینەوە و نەسڕینەوەیان پارێزراوە.
بەم پێیەی کەوا پرۆسەی بەڕێوەچوونی کارەکان لە بازنەی دامەزراوەیەکی ئاکادیمیدا بەڕێوەچوون و کۆمەڵێک ڕێکاری زانستی و پسپۆڕانە وەبەرچاو گیراون، دەبێ بزانین کە پرۆسەی هەڵسەنگاندن و هەڵبژاردنی بەرهەمەکان ئەوەندەی کراوە خۆی نیزیک کردووەتەوە لە پابەند بوون بە ڕەوتی ستانداردی ئەکادیمی. ئەم خولی یەکەمە خۆی مەشقێکی سەرەتایە بۆ نیشاندانی پشوودرێژی و تێڕامان و قووڵبوونەوە و دۆزینەوەی هەموو کەلێن و کەلەبەر و کەموکووڕییەکان. وەکوو ئاشکرایە حکم نییە لە چەند بوارێکا، بەتایبەت لە بوار و بەستێنی وێژەدا، کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە سەلیقە و تێڕوانینەکانی تاکەوە، بۆچوونی داوەرەکان لەگەڵ حوکمدانی تاک و کۆی هەموو لایەکمان بگونجێ و سروشتییە. ئەم جیاوازییە بەشێکە لە دیالۆگی فکری و ڕەخنە و لامان وایە کەشوهەوای ئاوەزمەندانە دەتوانێ لە داهاتوودا تا ڕادەیەک تلاسابوونەکان ڕاست بکاتەوە.
بێ لەمانەش، ئێمە لامان وایە بەرزترین خەڵات بۆ داهێنەرانی هەموو بوارەکان، ڕەزامەندیی پسپۆڕان و شارەزایان و بیروردان و بەگشتی کۆمەڵانی وشیاری خەڵکن؛ هەر کات بەرهەمێکی هزری و هونەری توانی لە نێو مێشک و ویژدانی جەماوەردا بمێنێتەوە، بێگومان توانیویەتی ئەرکی سەرەکیی خۆی ڕاپەڕێنێ، کە بریتییە لە سازکردنی کەلتوورێکی دەوڵەمەندی هەمووانی و ئاوا سەرکەوتن مسۆگەرە.
لە کۆتاییدا پیرۆزبایی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی ئەم خولی یەکەمەی خەڵاتی دەوڵەمەندی هەژار دەکەین لە هەموو لایەک و هیوادارین لە داهاتوودا دەرەوشاوەتر بێ.
ئەنجومەنی باڵای پلانداڕشتنی خەڵاتی قەڵەمی هەژار