04 06 2025

پەیامی پڕۆفیسۆر محەمەد کەماڵ براوەی تایبەتی بەشی فەلسەفەی خەڵاتی قەڵەمی هەژار

پەیامی پڕۆفیسۆر محەمەد کەماڵ براوەی تایبەتی بەشی فەلسەفەی خەڵاتی قەڵەمی هەژار

پەیامی پڕۆفیسۆر محەمەد کەماڵ براوەی تایبەتی بەشی فەلسەفەی خەڵاتی قەڵەمی هەژار

بەڕێزان  
لەسەرتاوە سوپاستان دەکەم. هیواخوازم خەڵاتی قەڵەمی هەژار بەتایبەتی بۆ نووسەرە لاوەکانمان ببێتە هاندەر تاکو لە بوارەکانی هزر و ئەدەبدا قووڵتر ببنەوە و بەرهەمی زۆرتریان هەبێت.
  
بەرێزان 
ئێمەی کورد دەبێت لە خۆمان بپرسین؛ چی پێویسییەکمان بە بیرکردنەوەی فەلسەفی هەیە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە گوتەیەکی نۆڤالیس دەهێنمەوە، کە دەڵێت، "فەلسەفە خەم و تاسەی دووری نیشتمانە". ئەم نیشتمانەی فەلسەفە تاسەی دەکات خودی بوونە. سەرباری ئەمە، فەلسەفە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و داهێنەرانەیە. پێویستە مرۆڤی کورد ڕەخنەگرانە و داهێنەرانە بیر لە بوونی بکاتەوە. لەسەر شێوازی بنەمای ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە دەتوانێت خۆی لە(عەقڵییەتی کۆیلایەتی) ڕزگاربکات و ڕەسەنانە لە واتای بوونی تێبگات.  

پێشخستنی بیرکردنەوەی فەلسەفی بە زمانی کوردی ئەرکی مێژوویی ئەمڕۆمانە. من لەم بەرپرسێتییە مێژووییەوە و بۆ شکستهێنان بەو هەوڵدانەی مرۆڤی کورد بە کەم و زمانەکەی بە ناجۆر و خێڵەکی لەئاستی نووسینی دەقی فەلسەفی و زانستانەدا دادەنێت، تێکۆشاوم و بە زمانی کوردی بێترس بیرم لە بوون و واتای بوون کردۆتەوە. لەم ئەزمونەی ژیانی بیرکرنەوەمەوە بە دوو ڕاستی گەیشتووم: 
یەکەم، ئەوانەی زمانی کوردی بۆ دەربڕین و نووسینی دەقە فەلسەفییەکان بە ناجۆر و کەم دادەنێن دەیانەوێت مرۆڤی کورد لە نێو (عەقڵییەتی کۆیلایەتییدا) گیرخواردوو بکەن تاکو بوونی خۆی نەناسێ و لە زمان و نیشتمانی نامۆبێت.  
دووەم، بیرکردنەوە و نووسین تەواوکەری یەکدین. ئەگەر مرۆڤ فەلسەفییانە بیربکاتەوە دەتوانێت فەلسەفییانە بنووسێت. ترس لە بیرکردنەوە رێگرتنە لە گەشەکردنی زمان. گەشەکردنی زمان هاوشانی بیرکردنەوە دەڕوات. ئەگەر مرۆڤی کورد بوونی خۆی و زمانی بە کەم و نزم لەئاستی زمانەکانی دیکەدا دابنێت و لە بیرکردنەوەی فەلسەفی بترسێت، هەرگیز ناتوانێت مێژووی خۆی ڕەسەنانە تۆمار بکات و باربووی بۆ شارستانییەت هەبێت.  

گەڕانەوە بۆ نیشتمان و نیشتەجێبوون لەنێو زماندا دەرچوونە لە عەقڵییەتی کۆیلایەتی بە زۆر سەپێنراو. بۆ ڕزگاربوون لەم جۆرە عەقڵییەتە ئەمڕۆ لە هەموو سەردەمێک زۆرتر پێویستیمان بە بیرکردنەوەی فەلسەفییە.  
جارێکی دی سوپاستان دەکەم و لە گەشەپێدان بە باری ڕۆشنبیری و زمانی کوردی سەرکەوتووبن. 

محەمەد کەمال 
ماڵبۆرن/ئوسترالیا