کۆبوونەوەی لێژنەی زانستیی پارێزگا بۆ هەفتەی توێژینەوە و تەکنەلۆژیا ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە بەرپرسانی زانکۆیی، بەڕێوەبەرانی دامودەزگا جێبەجێکارەکان و نوێنەرانی دامەزراوە زانستییەکانی پارێزگای کوردستان، لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی سەرۆکایەتیی زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان؛ لەم کۆبوونەوەیەدا پلاندانانە سەرەتاییەکان بۆ بەڕێوەبردنی هەفتەی توێژینەوە و تەکنەلۆژیا لە پارێزگای کوردستان تاوتوێ کران و ئامادەبووان جەختیان لەسەر پێویستیی هەماهەنگی، بەشداری و هاوهێزیی نێوان زانکۆکان، ناوەندە زانستییەکان و دامودەزگا جێبەجێکارەکان بۆ بەڕێوەبردنی هەرچی شکۆدارتری ئەم ڕووداوە کردەوە.
لەم کۆبوونەوەیەدا، برەودان بە فەرهەنگی توێژینەوە و تەکنەلۆژیا، ناساندنی بارستایی و دەستکەوتە زانستی و تەکنەلۆژییەکانی پارێزگاکە و ڕەخساندنی زەمینەی کارلێکی زیاتر لەنێوان توێژەران، زانکۆکان و کەرتە جێبەجێکارەکاندا، لەو تەوەرانە بوون کە جەختیان لەسەر کرایەوە.
بەپێی ئەو پلانانەی دانراون، هەفتەی توێژینەوە و تەکنەلۆژیای پارێزگای کوردستان لە ٢١ تا ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٥ بەڕێوە دەچێت و بانگهێشتی سەرجەم زانکۆکان، ناوەندە زانستی و توێژینەوەییەکان و دامودەزگا جێبەجێکارەکانی پارێزگاکە کراوە کە بە بەشداریی چالاکانە لەم ڕووداوەدا، زەمینەی ناساندنی توانست، دەستکەوت و بارستاییە زانستی و تەکنەلۆژییەکانی پارێزگاکە بڕەخسێنن.
بەپێی ڕێنمایی بەڕێوەبردنی هەفتەی توێژینەوە و تەکنەلۆژیا، ئارەش زەرەتەن لەهوونی، پارێزگاری کوردستان، وەک سەرۆکی ناوەندی هەفتەی توێژینەوە و تەکنەلۆژیای پارێزگا و دکتۆر عادڵ سیوسێمەردە، سەرۆکی زانکۆی ڕاسپێردراوی پارێزگا، وەک سکرتێری ئەم ناوەندە دیاری کراون؛ کە ئەم پێکهاتەیە بە ئامانجی دروستکردنی هەماهەنگیی زیاتر لەنێوان دامودەزگا جێبەجێکارەکان، زانکۆکان و ناوەندە زانستی و توێژینەوەییەکانی پارێزگاکە و ئاسانکاری لە ڕەوتی پلاندانان و جێبەجێکردنی بەرنامەکانی هەفتەی توێژینەوە و تەکنەلۆژیادا پێشبینی کراوە.
لە سەرەتای ئەم کۆبوونەوەیەدا عادڵ سیوسێمەردە، سەرۆکی زانکۆی کوردستان، بە ئاماژەدان بە بەڕێوەچوونی هەفتەی توێژینەوە و تەکنەلۆژیا لە مانگی سەرماوەزدا، گوتی: «لەم چوارچێوەیەدا و بۆ پلاندانان و جێبەجێکردنی هەرچی باشتری بەرنامەکانی ئەم هەفتەیە، کارگرووپێکی سەرەکی و چوار تا پێنج کارگرووپی لاوەکی لەگەڵ چەند سکرتاریەتێکدا پێشبینی کراون و دەناسێنرێن.»
ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی دیاریکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتیی هەر کام لە بەشەکان، ڕایگەیاند: «سەرجەم کارگرووپ و سکرتاریەتە پەیوەندیدارەکان دەبێت بە پلاندانانی ورد و جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییە سپێردراوەکانیان، زەمینەی بەڕێوەچوونی گونجاوی بەرنامەکانی هەفتەی توێژینەوە و تەکنەلۆژیا بڕەخسێنن.»
لە درێژەی ئەم دانیشتنەدا، دکتۆر بەهمەن بەهرامنەژاد، جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان بۆ کاروباری توێژینەوە و داهێنان، وێڕای خستنەڕووی بەرنامە پێشبینیکراوەکان بۆ هەفتەی توێژینەوە و تەکنەلۆژیا ڕایگەیاند: «ئەمساڵ ٦ سکرتاریەت بۆ پلاندانان، هەماهەنگی و جێبەجێکردنی بەرنامەکانی ئەم هەفتەیە لەبەرچاو گیراون و بەرنامە پارێزگاییەکانیش لە چوارچێوەی ١٦ تەوەری پێشنیارکراودا داڕێژراون.»
ناوبراو گوتیشی: «لە ڕیزی تەوەرە سەرەکییەکانی بەرنامەکانی هەفتەی توێژینەوە و تەکنەلۆژیادا دەکرێت ئاماژە بە لێدانی زەنگی توێژینەوە و تەکنەلۆژیا لە قوتابخانەکان و ناوەندەکانی خوێندنی باڵای پارێزگا، بەڕێوەبردنی پیشانگەی دەستکەوتەکانی توێژینەوە و تەکنەلۆژیا و فەنبازاڕ، ڕێزگرتن لە توێژەران و تەکنەلۆژیستە هەڵکەوتووەکانی پارێزگا و سازدانی دانیشتنە پسپۆڕییەکان و سێمینارە زانستی و توێژینەوەییەکان لەلایەن دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا و دامودەزگا جێبەجێکارەکانەوە بکرێت.»
جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان بۆ کاروباری توێژینەوە و داهێنان؛ دیدار لەگەڵ بلیمەتان، پێشەنگە زانستییەکان، داهێنەران و کارسازان، بەڕێوەبردنی سێمیناری تاوتوێکردنی پێداویستییەکانی توێژینەوە و تەکنەلۆژیا، ناساندنی ناوەندە پیشەسازییە پێشەنگەکانی پارێزگا و سازدانی گەشتەکانی توێژینەوە و تەکنەلۆژیای وەک بەرنامە پێشبینیکراوەکانی دیکە ناو برد.
بەهرامنەژاد هەروەها بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە هاوبەشەکانی زانکۆی ڕاسپێردراوی پارێزگا بە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان زانکۆ و پیشەسازی، پەردەلادان و ناساندنی کۆمپانیا زانستبنەماکان، بەڕێوەبردنی کێبڕکێی توێژینەوە و تەکنەلۆژیا لە قوتابخانە شاری و گوندییەکان، دانیشتنەکانی گواستنەوەی ئەزموونی تەکنەلۆژیستان و پیشەسازان و کارگەکانی خستنەڕووی بیرۆکە (ئایدیاشۆ) تایبەت بە خوێندکاران و قوتابییانی لە ڕیزی تەوەرەکانی دیکەی ئەم بەرنامانەدا هەژمار کرد.
ناوبراو بەڕێوەبردنی پیشانگەی کار، دانیشتنە پسپۆڕییەکان تایبەت بە خوێندکاران و تەکنەلۆژیستان و جێبەجێکردنی بەرنامەی دەرگا کراوەکانی توێژینەوە و تەکنەلۆژیاشی وەک بەشێکی دیکە لە بەرنامەکانی هەفتەی توێژینەوە و تەکنەلۆژیا لە پارێزگای کوردستان ڕاگەیاند و جەختی لەسەر پێویستیی بەشداری و هاوکاریی زانکۆکان، ناوەندە زانستییەکان و دامودەزگا جێبەجێکارەکان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئەم بەرنامانە کردەوە.