بەگەڕخستنی سیستەمی ئەلیکترۆنیی وەرگرتنی مامۆستایانی وانەبێژ لە زانکۆی کوردستان
بەڕێوەبەری کاروباری فێرکاریی زانکۆی کوردستان، هەواڵی بەگەڕخستنی سیستەمی ئەلیکترۆنیی وەرگرتنی مامۆستایانی وانەبێژی لەم زانکۆیەدا ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی شەفافکردنی پرۆسەی وەرگرتن، ڕەچاوکردنی دادپەروەری و یەکخستنی پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی داواکارانە.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، دکتۆر مەحموود کووششسەبا، ڕۆژی شەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ (١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦) لە کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرانی فێرکاریدا کە لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئەم زانکۆیەدا بەڕێوە چوو، گوتی: لەو سیستەمەدا کە لەبەرچاو گیراوە، سەرجەم قۆناغەکانی تۆمارکردنی داواکاری، بارکردنی بەڵگەنامەکان، خاڵدانان و لێکۆڵینەوە لە شیاویی داواکاران بە شێوەی ئەلیکترۆنی ئەنجام دەدرێن و لە هەموو قۆناغەکاندا دەتوانرێت بەدواداچوون بۆ دۆسیەکان بکرێت.
ناوبراو زیادیشی کرد: سەرەتا بەڕێوەبەرانی بەشە فێرکارییەکان پێداویستییە وانەییەکانی خۆیان لە سیستەمەکەدا تۆمار دەکەن و دوای بڵاوکردنەوەی بانگەوازی گشتی، داواکاران دەتوانن بە ناوتۆمارکردن و بارکردنی بەڵگەنامەکان، داواکاری بۆ گوتنەوەی ئەو وانانەی مەبەستن پێشکەش بکەن.
بەڕێوەبەری کاروباری فێرکاریی زانکۆی کوردستان بە ئاماژەدان بە سوودەکانی ئەم سیستەمە گوتی: هەموو قۆناغەکانی هەڵسەنگاندن و پەسەندکردنی داواکارییەکان تۆمار و بەبەڵگە دەکرێن و لە ئەگەری ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەدا، هۆکارەکەی بە داواکار ڕادەگەیەندرێت.
کووششسەبا جەختی کردەوە: ئەم سیستەمە لە ئێستادا لە وەشانی تاقیکاریدایە و دوای چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکان، لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە دەخرێتە بەردەستی داواکاران و بەکارهێنەران.
