تەرخانکردنی کەرەستە و پێداویستیی پێشکەوتووی تاقیگەیی بۆ زانکۆی کوردستان لە چوارچێوەی هاوکاریی توێژینەوەیی لەگەڵ وڵاتی سویسرا
لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی هاوبەشی توێژینەوەیی نێودەوڵەتی لەگەڵ وڵاتی سویسرا، کۆمەڵێک کەرەستە و پێداویستیی پێشکەوتووی تاقیگەیی بە بەهای نزیکەی ٥٠ هەزار دۆلار بۆ پڕچەککردنی تاقیگەی ناوەندی توێژینەوەی مایکرۆگرید و تۆڕە زیرەکەکان و پەرەپێدانی چالاکییە توێژینەوەییەکانی زانکۆی کوردستان تەرخان کرا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، ئەم کەلوپەلە تاقیگەییانە لە چوارچێوەی پڕۆژەی «باشترسازیی وزەی خۆری لە ڕێگەی پلاتفۆرمێکی توێژینەوەیی لەدوورەوە» (Solar Energy Optimization via a Remote Research Platform) و بە هاوکاریی زانکۆی زانستە بەکارهاتووەکانی HES-SO Valais-Wallisی سویسرا و بەشداریی زانکۆی کوردستان دابین کراون. ئەم پڕۆژەیە بە پاڵپشتیی دارایی دامەزراوەی نیشتمانیی زانستی سویسرا (SNSF) لە چوارچێوەی بەرنامەی SPIRITدا، بە بودجەیەک نزیکەی ٥٠٠ هەزار فرانکی سویسری، لە ماوەی چوار ساڵدا لە پووشپەڕی ١٤٠١ هەتا خەرمانانی ١٤٠٥ (تەمووزی ٢٠٢٢ تا ئەیلوولی ٢٠٢٦) جێبەجێ کراوە.
ئەم ئامێرانە دروستکراوی کۆمپانیای سویسریی Imperixن و بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی تاقیگەیی ناوەندی توێژینەوەی مایکرۆگرید و تۆڕە زیرەکەکانی زانکۆی کوردستان لەبەرچاو گیراون. ئەم کۆمەڵەیە دەرفەتی دامەزراندنی مایکرۆگریدێکی ئەلیکتریکیی تاقیگەیی و ئەنجامدانی توێژینەوەی ئەزموونی لە بواری کۆنتڕۆڵ و سەقامگیریی مایکرۆگریدەکانی تەزووی گۆڕاو و ڕاستەوخۆ (AC و DC)، گۆڕەرەکانی ئەلیکترۆنیکی دەسەڵاتی بەستراوە بە تۆڕ و شێوەپێدەری تۆڕ دەڕەخسێنێت.
سوودوەرگرتن لەم کەرەستانە، سەرەڕای بەهێزکردنی ژێرخانی توێژینەوەیی زانکۆ، دەرفەتی ڕاهێنانی پراکتیکیی خوێندکاران، ئەنجامدانی توێژینەوەی خوێندنی باڵا و پشتڕاستکردنەوەی تاقیگەییی دەرەنجامی توێژینەوەکان دابین دەکات.
ئەم پڕۆژەیە هەروەها دەستکەوتی زانستی و نێودەوڵەتیی بەرچاوی بۆ زانکۆی کوردستان بەدواوە بووە، لەوانە: بڵاوکردنەوەی هەشت وتاری هاوبەش لە گۆڤار و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا، بەدەستهێنانی دوو خەڵاتی باشترین وتار لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکانی ICCAD لە ساڵانی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، و ئامادەبوونی توێژینەوەیی سێ خوێندکاری زانکۆی کوردستان لە زانکۆ هاوبەشەکەی سویسرا.
دکتۆر قوباد شەفیعی، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی ئەندازیاریی کارەبا - دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی زانکۆی کوردستان، وەک ڕێکخەری ئەم زانکۆیە لە پڕۆژە هاوبەشەکەدا، لە چالاکییە زانستی و توێژینەوەییەکان، سەرپەرشتیاریی هاوبەشی خوێندکاران و بەدواداچوون بۆ دابینکردن و گواستنەوەی کەرەستە تاقیگەییەکان بەشداریی هەبووە.
ئەم هەنگاوە لە درێژەی هاوکارییە زانستی و نێودەوڵەتییەکانی ناوەندی مایکرۆگرید و تۆڕە زیرەکەکانی زانکۆ، وەک هەنگاوێک بەرەو پەرەپێدانی ژێرخانی توێژینەوەیی و فراوانکردنی توێژینەوەی کارپێکراو لە بواری مایکرۆگریدە ئەلیکتریکییەکان، وزە نوێبووەوەکان و تۆڕە زیرەکەکانی کارەبا هەژمار دەکرێت.
