03 11 2026

زانکۆی کوردستان پێشوازی لە سی و چوارەمین هەفتەی کتێب و کتێبخوێندنەوە دەکات/ بەرنامەکانی هەفتەی کتێب ڕاگەیەندرا

زانکۆی کوردستان هاوکات لەگەڵ سی و چوارەمین هەفتەی کتێب و کتێبخوێندنەوە، لە ٢٣ی خەزەڵوەرەوە تا ٤ی سەرماوەز، میوانداری کۆمەڵێک بەرنامەی فەرهەنگی، زانستی و تایبەتمەند دەکات بە تەوەری میراتی نووسراو، کتێب و کتێبخوێندنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆی کوردستان بە هاوکاری ناوەندی کتێب و کتێبخوێندنەوەی جێگرایەتی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و خوێندکاری، کۆمەڵێک بەرنامە و چالاکی جۆراوجۆری بە ئامانجی پەرەپێدانی فەرهەنگی خوێندنەوە، بەهێزکردنی پێگەی کتێب و کتێبخانە لە ژینگەی زانکۆدا، پاراستنی میراتی نووسراو و فراوانکردنی بەشداری خوێندکاران و هۆگران لە چالاکییە کتێب‌تەوەرەکاندا ئامادە کردووە.

لە بەشی بەرنامەکانی کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆی کوردستاندا، هەڵمەتی "کتێب لە جووڵەدا"، ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە کارمەندانی کتێبخانەکانی زانکۆی کوردستان و خوێنەرە سەرکەوتووەکان، سەردانکردنی ناوەندی بەڵگەنامەکانی زانکۆ و دانیشتنی تایبەتمەندی هاوبیرکردنەوەی بەڕێوەبەرانی کتێبخانەکان و پسپۆڕانی زانستی زانیاری و زانستناسی پارێزگای کوردستان بەڕێوەدەچێت.

هەروەها، دانیشتنە تایبەتمەندەکانی "میراتی نووسراو: دەستنووسناسیی کوردی و بووژاندنەوەی دەقە کۆنەکان" و "شانامەی کوردی و بەراوردکردنی لەگەڵ شانامەی فیردەوسی" لە بەرنامەکانی دیکەی پێشبینیکراون لەم هەفتەیەدا.

بڵاوکردنەوەی تایبەتنامەی "پەنجەرەیەک بەرەو جیهانی خوێندنەوە" بە ئامانجی پەرەپێدانی فەرهەنگی خوێندنەوە، تیشک خستنە سەر گرنگیی کتێب و کتێبخوێندنەوە و ناساندنی توانستە زانستی و فەرهەنگییەکانی ئەم بوارەش لە کارنامەدایە.

لە پاڵ بەرنامەکانی کتێبخانەی ناوەندیدا، ناوەندی کتێب و کتێبخوێندنەوەی جێگرایەتی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و خوێندکاریی زانکۆی کوردستانیش بە کردنەوەی پێشانگای کتێب و پێشبڕکێی "لیگی کتێب" لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی سی و چوارەمین هەفتەی کتێب و کتێبخوێندنەوەدا بەشدار دەبێت، کە ئەم گرنگە زەمینەی ئامادەبوون و هاوڕێیەتی زیاتری خوێندکاران و هۆگران دەڕەخسێنێت.

یەکێکی دیکە لە بەرنامە دیار و مانادارەکانی ئەم بۆنەیە، کردنەوەی "وێستگەی ئەزموونی کتێب"ە بە هاوکاری کتێبخانەی ناوەندی و ناوەندی کتێب و کتێبخوێندنەوەی زانکۆی کوردستان، کە بە ئامانجی ڕەخساندنی کەشێکی زیندوو و کارلێککەرانە بۆ ئەزموونکردنی چالاکییە جۆراوجۆرەکانی پەیوەست بە کتێب و کتێبخوێندنەوە دادەمەزرێت، تاکوو سەرەڕای هەفتەی کتێب، بە درێژایی ساڵیش میوانداری بەرنامە و چالاکییە کتێب‌تەوەرەکان بێت و زەمینەی بەشداری بەردەوامی زانکۆییان و هۆگرانی کتێب بڕەخسێنێت.

شایانی باسە؛ بەڕێوەچوونی ئەم کۆمەڵە بەرنامەیە دەرفەتێک دەبێت بۆ بەهێزکردنی کارلێکی نێوان کتێبداران، پسپۆڕانی زانستی زانیاری و زانستناسی، چالاکوانانی فەرهەنگی و کۆمەڵگەی زانکۆیی و گرنگیدانی زیاتر بە توانستەکانی میراتی نووسراوی کوردی و فەرهەنگی خوێندنەوە لە پارێزگای کوردستاندا.