سازدانی زنجیرەیەک بەرنامەی وەرزشی و زانستی بەبۆنەی هەفتەی پەروەردەی جەستەیی لە زانکۆی کوردستان
بەبۆنەی هەفتەی پەروەردەی جەستەیی و وەرزش، زنجیرەیەک بەرنامەی وەرزشی، زانستی و فەرهەنگی بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی جەستەیی و چالاکییە دەرەکییەکانی زانکۆی کوردستان، ئەنجومەنی وەرزشی خوێندکاران و ناوەندی وەرزشی زانکۆ بەڕێوەچوو.
لە بەشی پێشبڕکێ وەرزشییەکاندا، کێبڕکێی خوێندکارانی کچ و کوڕ لە بوارەکانی فوتساڵ، بالە، تێنسی سەرمێز، دارت و بادمینتۆن بە بەشدارییەکی بەرفراوانی خوێندکاران ساز کرا.
لەم کێبڕکێیانەدا، ٢٢ تیپ لە فوتساڵی کوڕان، ٣ تیپ لە بالەی کوڕان، ٢٢ کەس لە تێنسی سەرمێز و نزیکەی ٨٠ کەس لە دارتی کوڕاندا بەشدار بوون. هەروەها لە بەشی کچاندا، ٢ تیپ لە بالە، ١٠ کەس لە بادمینتۆن و نزیکەی ٦٠ کەس لە بواری دارتدا کێبڕکێیان کرد و لە کۆتاییدا، تیپ و کەسە سەرکەوتووەکان ناسێندران.
بەگشتی و بە هەژمارکردنی بەشداربووان، ستافی جێبەجێکار، ناوبژیوانان و سەرپەرشتیارانی پێشبڕکێکان کە هەموویان لە خوێندکارانی زانکۆ بوون، زیاتر لە ٤٠٠ خوێندکار بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە بەشە جیاوازەکانی ئەم بۆنە وەرزشییەدا بەشدارییان کرد.
لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم بەرنامانە، سوودوەرگرتن بوو لە توانای خوێندکاران لە بەشەکانی جێبەجێکردن، ناوبژیوانی و سەرپەرشتیکردنی پێشبڕکێکان؛ بە جۆرێک کە سەرجەم کێبڕکێکان بە بەشداری و لێهاتوویی خوێندکاران بەڕێوەچوون. هەروەها خوێندکارە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆ لە بوارەکانی فوتساڵ و تێنسی سەرمێزدا بەشدارییەکی کارایان هەبوو، و یەکێک لە خوێندکارە نێودەوڵەتییەکان توانی پلەی دووەمی پێشبڕکێکانی تێنسی سەرمێز بەدەست بهێنێت.
لە بەشی زانستی و فێرکاریشدا، بە سوودوەرگرتن لە توانای زانستیی مامۆستایانی بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکانی زانکۆی کوردستان، زنجیرەیەک وتار و وۆرکشۆپی تایبەتمەند بە ئامانجی پەرەپێدانی زانیاری و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری لە بواری زانستە وەرزشییەکاندا بەڕێوەچوو. تەوەرەکانی ئەم بەرنامانە بریتی بوون لە:
١. بنەماکانی داڕشتنی ڕاهێنانە هەواییەکان بۆ بوارە وەرزشییە جیاوازەکان؛ بە پێشکەشکردنی دکتۆر ئەیووب سەعیدی.
٢. تاوتوێکردنی بەربەست و ئاڵنگارییەکانی بەدامەزراوەییکردنی کاتە بەتاڵەکانی خوێندکاران بە جەختکردنەوە لەسەر چالاکییە وەرزشییەکان لەنێو خوێندکارانی کچدا؛ بە پێشکەشکردنی دکتۆر نەرگس ئیسماعیلی.
٣. داهاتووی زانستە وەرزشییەکان لە زانکۆوە تا بازاڕی کار لە سەردەمی تەکنەلۆژیا و زیرەکیی دەستکرددا؛ بە پێشکەشکردنی دکتۆر فەرهاد فەتحی.
٤. تێڕامانێکی نوێ لە دۆزینەوەی بەهرەی وەرزشی؛ هەڵبژاردن یان پەروەردەکردن؟؛ بە پێشکەشکردنی دکتۆر عەلی پەشائابادی.
٥. توێژینەوە نوێیەکان لە بایۆمیکانیکی وەرزشیدا؛ بە پێشکەشکردنی دکتۆر زانیار محەممەدی.
هەروەها بە هاوکاریی ناوەندی وەرزش و یاریدەدەرێتیی فەرهەنگیی زانکۆ، بەرنامە و کێبڕکێ وەرزشییەکان بەشێوەی بەردەوام و شەوانە لە بەشە ناوخۆییەکان و ماڵی خوێندکارانی کچ و کوڕ بەڕێوەچوون. ئەم بەرنامانە بوارگەلێکی وەک دارت، تۆپ هەڵدان بە پێ (ڕووپایی)، دەستشکانەوە و یارییە خۆماڵی و ناوچەییەکانی لەخۆ گرتبوو.
جێبەجێکردنی ئەم زنجیرە بەرنامانە بە ئامانجی پەرەپێدانی وەرزشی خوێندکاری، زیادکردنی بەشداری و کارلێک لەنێوان خوێندکاران، بەهێزکردنی گەشە و چالاکیی کۆمەڵایەتی، بەرزکردنەوەی زانیاریی تایبەتمەند و برەودان بە فەرهەنگی چالاکیی جەستەیی لە ژینگەی زانکۆدا ئەنجام درا.
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی جەستەیی و چالاکییە دەرەکییەکانی زانکۆی کوردستان
