شەوی فەرهەنگ و هونەری کوردستان بەڕێوەچوو/ درەوشانەوەی خوێندکارانی زانکۆی کوردستان لە فێستیڤاڵی نیشتمانیی "ڕوویش"دا
شەوی فەرهەنگ و هونەری کوردستان سەرلەئێوارەی یەکشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ بە ئامادەبوونی عەبدولجەبار کاکایی، شاعیر و توێژەری دیاری ئەدەبی لە دەڤەری ئیلام و قوتبەدین سادقی، نووسەر، ئەکتەر و دەرهێنەری ناسراوی شانۆ و سینەمای ئێران لە دیاری کوردستان، لە هۆڵی مەولەویی زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان؛ ئەم ڕێوڕەسمە فەرهەنگی و هونەرییە لە چوارچێوەی بەرنامەکانی سێزدەیەمین و چواردەیەمین فێستیڤاڵی نیشتمانیی ڕوویش بەڕێوەچوو و دەرفەتێکی بۆ ڕێزگرتن لە توانستە فەرهەنگی، هونەری و ئەدەبییەکانی کوردستان و کەڵکوەرگرتن لە دیدگا و ئەزموونی کەسایەتییە دیارەکانی ئەم بوارە ڕەخساند.
شانازیخوڵقاندنی خوێندکارانی زانکۆی کوردستان لە بەشی خوێندکاریی فێستیڤاڵی نیشتمانیی "ڕوویش"دا
هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمەدا، ڕێز لە براوەکانی بەشی خوێندکاریی سێزدەیەمین فێستیڤاڵی نیشتمانیی "ڕوویش" گیرا.
لەم خولەدا، خوێندکارانی زانکۆی کوردستان بە بەشداریی سەرکەوتووانە لە بەشە هونەرییە جیاوازەکاندا، سێ نازناوی باڵایان بەدەست هێنا.
لەم سۆنگەیەوە، سەید ئاروین مورادی لە بەشی مۆسیقای ناوچەییدا توانی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت. هەروەها چنوور حەبیبی لە بەشی فیلمسازی و دیکۆمێنتاریدا پلەی یەکەمی مسۆگەر کرد و سەید مەتین شەریفییش لە بەشی هونەرە شێوەکارییەکان "لقی هێڵکاری و نیگارکێشی"، پلەی دووەمی ئەم فێستیڤاڵەی بەدەست هێنا.
جێگەی ئاماژەیە؛ فێستیڤاڵی نیشتمانیی ڕوویش بە ئامانجی ناسینەوە، ناساندن و پشتیوانیکردن لە بەهرە فەرهەنگی و هونەرییەکانی خوێندکاران، پەرەپێدانی چالاکییە داهێنەرانەکان و بەهێزکردنی ڕۆڵی ناوەندە فەرهەنگی و هونەرییەکان لە زانکۆکانی وڵاتدا بەڕێوە دەچێت.
