07 02 2026

هەنگاوێکی گەورەی زانکۆی کوردستان بەرەو گۆڕانی پێکهاتەیی؛ پەسندکردنی ١٩ کارنامەی ستراتیژی لە کۆبوونەوەی دەستەی ئەمینداراندا

بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی دکتۆر حەسەن مەروەتی، نوێنەری تامولئیختیاری وەزیری خوێندنی باڵا، دکتۆر سەید ئەحمەدرەزا خەزری، ڕاوێژکاری وەزیر و سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەمیشەیی دەستەی ئەمینداران و دکتۆر عادل سی‌وسێ‌مەردە، سەرۆکی زانکۆی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ لە شوێنی وەزارەتی خوێندنی باڵا، توێژینەوە و تەکنەلۆژیا بەڕێوە چوو. دوای پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی چالاکییەکانی زانکۆ لە بوارەکانی توێژینەوە، تەکنەلۆژیا و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان، ١٩ کارنامەی ستراتیژی تاوتوێ کران و پەسند کران. یەکێک لە گرنگترین بڕیارەکان، چاکسازی لە ئاییننامەی دامەزراندنی ئەندامانی دەستەی زانستی و پەسندکردنی ڕێنمایی نوێی خاڵبەندی بۆ چالاکییە توێژینەوەیییەکان بوو بە ڕوانگەی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی لەگەڵ پیشەسازی، کە لە سەرەتای خەزەڵوەری ١٤٠٤ەوە جێبەجێ دەکرێت.

لە بەشی گەشەپێدانی پێکهاتەییدا، دەستەی ئەمینداران بە مەبەستی پسپۆڕکردن و هاوئاهەنگی لەگەڵ پلانی ئامایشی خوێندنی باڵا، ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر جیاکردنەوەی بەشی بیرکاری بۆ دوو بەشی "بیرکاری" و "زانستی کۆمپیوتەر" و هەروەها دابەشکردنی بەشی پەروەردەی وەرزشی بۆ دوو بەشی پسپۆڕیی "بەڕێوەبردنی وەرزشی و ڕەفتاری جووڵەیی" و "فیسیۆلۆژیا و ئاسیبناسیی وەرزشی". هەروەها گۆڕینی ناوی هەندێک کۆلێژ و بەشی زانستی گونجاو لەگەڵ ئەرکە نوێیە زانستییەکان پەسند کرا. دەستکەوتێکی تری ئەم کۆبوونەوەیە، دەرکردنی مۆڵەتی دامەزراندنی ئەندامانی دەستەی زانستی لە پلەی مامۆستای یاریدەدەر بۆ ساڵی ١٤٠٥ و ڕەزامەندی لەسەر دامەزراندنی گروپێکی توێژینەوەی داخوازی-تەوەر و خۆبژێو بوو. هاوکات ئەندامانی دەستەی ئەمینداران ڕەزامەندییان دا لەسەر بەڕێوەبردنی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی "هورامان" و پلانی وەبەرهێنان لە هەندێک موڵکی زانکۆ بە مەبەستی دروستکردنی بایەخی زیادەی بەردەوام. لە کۆتاییدا، بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵا وێڕای دەربڕینی ڕەزامەندی لە دەستکەوتە زانستی و کارگێڕییەکانی زانکۆی کوردستان، جەختیان لەسەر بەردەوامیی پلاندانانی ستراتیژی بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی ئەم زانکۆیە لە گەشەی کولتووری و کۆمەڵایەتی ناوچەکەدا کردەوە.