بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان خوێندنی زانکۆیی و بازاڕی کار؛
ڕێبازنامەی جێبەجێکردنی خولی لێهاتوویی «کۆئاپ» لە زانکۆی کوردستان تاوتوێ کرا
کۆبوونەوەی تاوتوێکردنی ڕێبازنامە و ڕێنمایی جێبەجێکردنی خولی «کۆئاپ» (CO-OP) بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان خوێندنی زانکۆیی و ژینگەی کار، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی فێرکاری و پەیوەندی لەگەڵ پیشەسازی لە زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، لەم کۆبوونەوەیەدا کە لە نووسینگەی یاریدەدەریی فێرکاریی زانکۆ و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی کۆئاپ پێکهاتوو لە بەڕێوەبەرانی ناوەندی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگە و پیشەسازی، کاروباری فێرکاری، خوێندنی باڵا، قوتابخانەی دامەزراندن و نوێنەرانی کۆلێژەکان بەڕێوەچوو، ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی جێبەجێکردن و فێرکاریی ئەم خولە باس و تاوتوێ کران.
لەم دانیشتنەدا بڕیار درا دەقی پێشنیارکراوی ڕێبازنامە و ڕێنمایی جێبەجێکردنی خولی کۆئاپ، لە ڕێگەی نوێنەرانی کۆلێژەکانەوە لە ئەنجومەنە فێرکارییە پەیوەندیدارەکاندا بخرێتە ڕوو و بۆ پێداچوونەوە و دەربڕینی بۆچوون بخرێتە بەردەستی بەشە فێرکارییەکان.
خولی کۆئاپ (بەرنامەی خوێندنی هاوبەش) تایبەتە بە خوێندکارانی قۆناغی بەکالۆریۆس و تێکەڵەیەک لە ماوەکانی خوێندنی تەواوکات لە زانکۆ و کاری تەواوکات لە پیشەسازیدا لەخۆ دەگرێت. بەپێی ئەم پلانە، خوێندکاران دەتوانن دوای تەواوکردنی وەرزی پێنجەم تا کۆتایی وەرزی نۆیەمی خوێندنیان، لە دوو ماوەی حەوت مانگیدا (بە مەودای لانیکەم یەک وەرزی خوێندن لە نێوان دوو خولەکەدا) لە کۆمپانیا پەسەندکراوەکاندا دەست بە کار بکەن.
جێبەجێکردنی ئەم خولە لە زانکۆی کوردستان لە چوارچێوەی گۆڕانکاری لە شێوازەکانی خوێندنی زانکۆیی، گرنگیدان بە لێهاتوویی و بەرزکردنەوەی توانای دامەزراندنی دەرچووان پەیڕەو دەکرێت. ئەم ڕوانگەیە بە ڕەخساندنی دەرفەتی بەدەستهێنانی ئەزموونی پیشەیی لە پاڵ خوێندنی تیۆریدا، کارلێکی دوولایەنەی زانکۆ لەگەڵ کەرتەکانی بەرهەمهێنان، تەکنەلۆژیا، خزمەتگوزاری و پیشەسازی بەهێز دەکات و زەمینەی پێگەیاندنی دەرچووانی گونجاو لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار دەڕەخسێنێت.
