07 02 2026

قوتابخانەی کاری زانکۆی کوردستان بە ئامانجی تواناسازیی پیشەیی خوێندکاران و بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان زانکۆ، پیشەسازی و کۆمەڵگە، بەم زووانە چالاکییەکانی دەست پێ دەکات.

کردنەوەی «قوتابخانەی کار» لە زانکۆی کوردستان؛ هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ بەستنەوەی زانکۆ بە بازاڕی کارەوە

زانکۆی کوردستان وەک یەکێک لە پێنج زانکۆ هەڵبژێردراوەکانی وڵات، دەستی کردووە بە دامەزراندنی «قوتابخانەی کار». ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی گەڵاڵەی نیشتمانیی وەزارەتی خوێندنی باڵا، توێژینەوە و تەکنەلۆژیا و بە ڕاوێژکاریی تیمی ڕێبەریی زانکۆی پیشەسازیی شەریف و سوودوەرگرتن لە ئەزموونە سەرکەوتووە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دەدرێت، کە ئامانجی سەرەکی بەرزکردنەوەی کارامەییە پیشەیییەکان و زیادکردنی هەلی دامەزراندنی خوێندکاران و دەرچووانە.

قوتابخانەی کاری زانکۆی کوردستان وەک پردێک لە نێوان زانکۆ و بازاڕی کاردا، بوارێکی ڕێکخراو بۆ ئاسانکاریی چوونە ناوەوەی خوێندکاران بۆ جیهانی بازرگانی و کارکردنی بەردەوام دابین دەکات. ئەم قوتابخانەیە بە سوودوەرگرتن لە توانای دامەزراوەکانی وەک ڕێکخراوی فێرکاریی تەکنیکی و پیشەیی، زانکۆی نیشتمانیی لێهاتوویی، جیهادی زانکۆیی، کەرتی تایبەت و پیشەسازییە ناوچەیییەکان، کۆمەڵێک خولی فێرکاریی گونجاو لەگەڵ پێداویستییە ڕاستەقینەکانی بازاڕی کار پێشکەش دەکات. ئەم خولانە بابەتگەلێکی وەک خۆناسینی پیشەیی، ڕێنوێنیی کار، بەهێزکردنی کارامەییە نەرمەکان و مەشقکردنی ئامانجدار لە ژینگەی کاردا لەخۆ دەگرێت.

ئامانجی ئەم قوتابخانەیە ڕەخساندنی هەلی یەکسانە بۆ خوێندکارانی بەهرەمەند، بەتایبەت لە ناوچە کەمتر گەشەسەندووەکان، و هەروەها بەهێزکردنی تۆڕی پەیوەندیی دەرچووان و بەرنامەکانی مەنتۆرینگ (ڕێنوێنیی پسپۆڕانە). ئەم پلانە ڕێگایەکی هەمیشەیی بۆ گواستنەوەی ئەزموون و ناساندنی کەسانی بەتوانا بە بازاڕی کار دەکاتەوە و ڕۆڵی زانکۆ لە گەشەپێدانی کارامەیی و ئابووریی ناوچەکەدا بەهێزتر دەکات. جێگرایەتی توێژینەوە و تەکنەلۆژیای زانکۆی کوردستان بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندی لەگەڵ پیشەسازی و کۆمەڵگە، ڕێکارە پێویستەکانی بۆ دامەزراندنی ئەم قوتابخانەیە دەستپێکردووە تا وەک باڵێکی سەرەکی بۆ ڕەخساندنی هەلی کاری بەردەوام ڕۆڵ بگێڕێت.