کۆبوونەوەی هاوبیرکردنی سکرتێرانی ناوەندە فەرهەنگییەکانی وڵات لە زانکۆی کوردستان بەڕێوە چوو
کۆبوونەوەی هاوبیرکردنی سکرتێرانی ئەنجومەنی هەماهەنگیی ناوەندە فەرهەنگییەکانی وڵات بە ئامانجی تاوتوێکردنی توانستەکان و داڕشتنی بەرنامەکانی داهاتووی چالاکییە فەرهەنگییە خوێندکارییەکان، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ لە زانکۆی کوردستان بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، ئەم کۆبوونەوەیە کە لە ڕەوتی سێزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نیشتمانیی "ڕوویش" لە هۆڵی فیردەوسیی زانکۆی کوردستان بەڕێوە چوو، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی فەرهەنگیی وەزارەتی زانست و سکرتێرانی ناوەندە فەرهەنگییەکان لە سەرتاسەری وڵاتەوە ئەنجام درا.
لەم کۆبوونەوەیەدا، بەشداربووان وێڕای تاوتوێکردنی ئاڵنگاری و دەرفەتە بەردەستەکان لە ڕێڕەوی چالاکییە خوێندکارییەکاندا، بیروڕایان سەبارەت بە پرس و پەرۆشییەکانی ناوەندەکانی خۆیان گۆڕییەوە؛ هەروەها سکرتێرانی ناوەندەکان بە خستنەڕووی پێشنیارگەلێک جەختیان لەسەر پێویستیی هاوهێزی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی فەرهەنگی لە زانکۆکاندا کردەوە.
لە تەوەرەکانی دیکەی ئەم کۆبوونەوەیە، جەختکردنەوە بوو لەسەر پێویستیی ئامادەبوونی مامۆستای ڕاوێژکار لە پاڵ ناوەندە فەرهەنگییەکانی زانکۆکان و هەروەها پێویستیی بەهێزکردنی کارلێک و پەیوەندی لەنێوان ناوەندەکاندا لەلایەن بەرپرسانەوە.
هەروەها لەم کۆبوونەوەیەدا جەخت لەسەر گرنگیی زیادکردنی بودجەی فەرهەنگیی زانکۆکان و پاڵپشتیکردن لە چالاکیی ناوەندەکان کرایەوە.
لە درێژەی ئەم کۆبوونەوەیەدا، سکرتێرانی ئەنجومەنی هەماهەنگیی ناوەندەکانی وڵات پەرژانە سەر خستنەڕووی بیرۆکەکان و تاوتوێکردنی ئەزموونە بەدەستهاتووەکان لە بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵی "ڕوویش" بۆ بەڕێوەبردنی هەرچی شکۆدارتری فێستیڤاڵەکە لە ساڵانی داهاتوودا.
لە درێژەی ئەم کۆبوونەوەیەدا مستەفا باقری، بەڕێوەبەری گشتیی فەرهەنگیی وەزارەتی زانست، توێژینەوە و تەکنۆلۆژیا، بە ئاماژەدان بە هەوڵە ناوەندییەکانی وەزارەتی زانست بۆ پاڵپشتیکردن لە چالاکییە خوێندکارییەکان، وتی: لە هیچ هەوڵێک بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی ناوەندەکان درێغی ناکەین.
باقری لە پاڵپشتیی ناوەندەکاندا ڕایگەیاند: بۆ ئێمە لە بواری پاڵپشتیکردن لە چالاکییە خوێندکارییەکاندا، ناوەندی وڵات و پارێزگاکان جیاوازییان نییە و ئەرکمانە لە سەرجەم زانکۆکاندا، تا ئەوپەڕی توانا، بۆ چالاکوانانی فەرهەنگیی ناوەندەکان هەوڵ بدەین.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە ئاڵنگارییە بەردەستەکان، وتیشی: سەرەڕای بارودۆخی ئاڵۆزی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە هیچ شێوەیەک ڕێگەمان نەدا چالاکییە فەرهەنگییەکان لە زانکۆکاندا بوەستن.
