لە ٦٩ەمین کۆبوونەوەی جێگرانی فێرکاریی زانکۆکانی سەرانسەری وڵات:
گەڵاڵەی جێگری فێرکاریی زانکۆی کوردستان وەک گەڵاڵەی هەڵبژێردراو لەلایەن جێگری فێرکاریی وەزیری زانستەوە ڕێزی لێ گیرا
ئەو سیستمەی کە لەلایەن جێگری فێرکاریی زانکۆی کوردستانەوە بە مەبەستی شیکردنەوە، چاودێری و پلاندانانی ستراتیژیی بواری فێرکاریی زانکۆ دیزاین کراوە، لە کۆبوونەوەی سەرانسەریی جێگرانی فێرکاریدا وەک گەڵاڵەی هەڵبژێردراو ناسێندرا و ڕێزی لێ گیرا.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، لە کاتی بەڕێوەچوونی ٦٩ەمین کۆبوونەوەی جێگرانی فێرکاری و خوێندنی باڵای زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای وڵات، ئەو گەڵاڵەیەی کە لەلایەن دکتۆر محەممەد ڕەزاقی، جێگری فێرکاریی زانکۆی کوردستانەوە لەژێر ناوی "سیستەمی یەکگرتووی شیکردنەوە، چاودێری و پلاندانانی ستراتیژیی فێرکاری" پێشکەش کرا، وەک گەڵاڵەی هەڵبژێردراو دیاری کرا.
لەو مەراسیمەدا کە بە میوانداریی زانکۆی محەققەقی ئەردەبیلی بەڕێوە چوو، جێگری فێرکاریی وەزیری زانست، توێژینەوە و تەکنەلۆژیا بە پێشکەشکردنی تابلۆی ڕێزلێنان، دەستخۆشی لە هەوڵەکانی دکتۆر ڕەزاقی کرد لە پێناو داڕشتن و جێبەجێکردنی ئەم گەڵاڵە پراکتیکییە.
ئەم کۆبوونەوەیە بە دروشمی "زانکۆی زیرەک، چالاک و کۆمەڵگە-تەوەر؛ دووبارە ئافراندنەوە لە سەردەمی گۆڕانکاری و نادڵنیاییدا" لە ڕۆژانی ١٠ و ١١ی پووشپەڕی ئەمساڵدا بەڕێوە چوو. ئامانجی ئەم دانیشتنە، هاوبەشکردنی ئەزموونە سەرکەوتووەکانی زانکۆکان، هاوئاهەنگی لە جێبەجێکردنی بەرنامە گۆڕانکارییەکان و بەرزکردنەوەی خۆڕاگریی خوێندنی باڵا لە بەرامبەر ئاستەنگە نوێیەکاندا ڕاگەیەندراوە.
سیستەمە هەڵبژێردراوەکەی زانکۆی کوردستان بە جەختکردنەوە لەسەر شیکردنەوەی وردی داتا فێرکارییەکان و چاودێریی زیرەکانە بەسەر پڕۆسە ئەکادیمییەکاندا، وەک هەنگاوێک لە پێناو بەرزکردنەوەی بەرهەمداری و پلاندانانی ئامانجدار لە بواری خوێندنی باڵادا ئەژمار دەکرێت.
